پاشایەتی یۆتام
١ یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو،
شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو.
٢ بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی،
سەرباری ئەوەش نەچووە ناو پیرۆزگای یەزدان،
بەڵام گەل هێشتا گەندەڵییان دەکرد.
٣ یۆتام دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد نایەوە و کاری زۆریشی لەسەر شووراکەی گردی عۆفێل کرد.
٤ چەند شارۆچکەیەکیشی لە چیای یەهودا بنیاد نا و لە دارستانەکانیشدا قەڵا و قوللەی بنیاد نا.
٥ یۆتام لە دژی پاشای عەمۆنییەکان جەنگا و زاڵ بوو بەسەریاندا،
عەمۆنییەکانیش لەو ساڵەدا سەد تالنت* زیو و دە هەزار کۆر* گەنم و دە هەزاریشیان* لە جۆ پێیدا.
هەروەها عەمۆنییەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمیشدا ئەمەیان پێیدا.
٦ یۆتام بەهێز بووەوە،
چونکە بەردەوام بوو لە گوێڕایەڵی بۆ یەزدان.
٧ ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام،
لەگەڵ هەموو جەنگەکانی و کردەوەکانی،
لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
٨ یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو،
شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
٩ ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا،
ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.