گرتنی شاری ڕەبە
١ لە بەهاری ساڵ،
لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ،
یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد.
خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا،
بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە،
جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد.
٢ داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد،
دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک* زێڕ بوو،
بەردی گرانبەهاشی تێدابوو،
ئینجا لەسەر سەری داود دانرا.
دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا،
٣ ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین.
داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد.
پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
جەنگی فەلەستییەکان
٤ پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان،
دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
٥ جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئێلحانانی کوڕی یاعیر،
لەحمیی برای گۆلیاتی* گەتی کوشت،
کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
٦ دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە،
پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو،
واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو.
ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
٧ کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد،
یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
٨ ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت،
بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.