سەرکەوتنەکانی داود
١ ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن،
گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
٢ هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند.
مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
٣ هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند،
کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت.
٤ داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت،
ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
٥ کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن،
داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.
٦ ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا،
ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد،
یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
٧ پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.
٨ هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون،
بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە* و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
٩ کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە،
١٠ هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی،
چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو.
هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
١١ داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد،
هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی:
ئەدۆم،
مۆئاب،
عەمۆن،
فەلەستی و عەمالێقییەکان.
١٢ ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ* هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
١٣ لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود،
داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد،
یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
١٤ داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
 
١٥ یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛
یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
١٦ سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛
شەڤشا خامەی نهێنی* بوو؛
١٧ بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان* بوو؛
کوڕەکانی داودیش دەستەڕاستی پاشا بوون.