پەیمان نوێکردنەوەی یۆشیا
١ ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە.
٢ لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان.
لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە،
ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە.
٣ پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا* کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت،
بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت،
هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون.
٤ ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون،
لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێت‌ئێل.
٥ کاهینە بتپەرستەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون تاکو لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن،
ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند.
٦ ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی،
کوتای هەتا بووە خۆڵ،
خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد.
٧ ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون،
ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی.
٨ یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند،
لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع.
نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند،
ئەوەی لە بەردەم دەروازەی یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە بوو کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە.
٩ هەرچەندە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆیان نەبوو بچنە قوربانگای یەزدان لە ئۆرشەلیم،
بەڵام لەگەڵ براکانیان نانی فەتیرەیان خوارد.
١٠ ئینجا تۆفەتی دۆڵی بەن‌هینۆمی گڵاوکرد بۆ ئەوەی کەس کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ مۆلەخ* وەک قوربانی نەسووتێنێت.
١١ ئەو پەیکەری ئەسپانەش کە پاشاکانی پێشووی یەهودا بۆ خۆر تەرخانیان کردبوو،
لە دەروازەی پەرستگای یەزدان ڕایماڵین.
لە حەوشەکەی نزیک ژوورەکەی ناتان‌مەلەخی کاربەدەست بوون.
پاشان یۆشیا گالیسکە تەرخانکراوەکانیشی بە ئاگر سووتاند،
کە بۆ پەرستنی خۆر بەکاردەهێنران.
١٢ ئەو قوربانگایانەشی تێکدا کە پاشاکانی یەهودا لە سەربانی ژووری سەرەوەی ئاحاز دروستیان کردبوو،
هەروەها ئەو قوربانگایانەی کە مەنەشە لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان بنیادی نابوون.
پاشا لەوێش دووری خستنەوە،
وردوخاشی کردن و دار و بەردەکەیان لە دۆڵی قدرۆن بە با کرد.
١٣ ئەو نزرگانەی سەر بەرزاییش کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمن لەلای باشووری گردی گەندەڵین،
ئەوانەی کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عەشتۆرەتی خواژنە قێزەونی سەیدائییەکان و کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان،
پاشا هەموویانی گڵاوکرد.
١٤ یۆشیا بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە،
شوێنەکانی بە ئێسکی خەڵک پڕکردەوە.
١٥ هەروەها ئەو قوربانگایەی لە بێت‌ئێلە،
ئەو نزرگەیەی سەر بەرزایی کە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات دروستی کرد،
ئەوەی بەهۆیەوە ئیسرائیلی تووشی گوناە کرد،
یۆشیا ئەو قوربانگایە و ئەو نزرگەیەی سەر بەرزاییشی ڕووخاند،
نزرگەکەی سووتاند و کوتای هەتا بووە خۆڵ،
ستوونە ئەشێراکەشی سووتاند.
١٦ ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایەوە و ئەو گۆڕانەی بینی کە لەوێ لە چیاکە بوون،
ناردی و ئێسکەکانی لە گۆڕەکانەوە برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی و گڵاوی کرد،
بەپێی ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە پیاوەکەی خودا بانگەوازی پێی کرد،
ئەوەی بانگەوازی بەم فەرمایشتە کرد.
١٧ ئینجا پاشا پرسیاری کرد:
«ئەو کێلی گۆڕە چییە لەوێ دەیبینم؟»
پیاوانی شارەکەش گوتیان:
«ئەوە گۆڕی ئەو پیاوەی خودایە کە لە یەهوداوە هات و هەموو ئەو شتانەی ڕاگەیاند کە تۆ لە دژی قوربانگاکەی بێت‌ئێل کردت.»
١٨ پاشا گوتی:
«لێیگەڕێن،
کەس ئێسکەکانی نەجوڵێنێت.»
جا وازیان لە ئێسکەکانی ئەو هێنا لەگەڵ ئێسکەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە لە سامیرەوە هاتبوو.
١٩ هەروەها یۆشیا هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کە شارۆچکەکانی سامیرە بوون،
ئەوانەی پاشاکانی ئیسرائیل بۆ پەستکردنی یەزدان دروستیان کردبوو،
تێکی دان و هەموو ئەوەی پێکردن کە لە بێت‌ئێل کردبووی.
٢٠ هەموو کاهینەکانی نزرگەکانی سەر بەرزاییش کە لەوێ بوون لەسەر قوربانگاکان سەری بڕین،
ئێسکی مرۆڤی لەسەر قوربانگاکان سووتاند و پاشان گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
٢١ پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی:
«جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن،
وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیمانەدا نووسراوە.»
٢٢ جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە،
نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا.
٢٣ بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا.
٢٤ هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن،
بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە.
٢٥ هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو،
کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان،
بەپێی هەموو تەوراتی موسا،
لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو.
٢٦ بەڵام گڕی تووڕەییە مەزنەکەی یەزدان دانەمرکایەوە،
چونکە تووڕەییەکەی بەسەر یەهوداوە گڕی گرتبوو بەهۆی هەموو ئەو کارانەی کە مەنەشە یەزدانی پێ پەست کردبوو.
٢٧ ئیتر یەزدان فەرمووی:
«هەروەها یەهوداش لەبەردەمم لادەبەم،
هەروەک چۆن ئیسرائیلم لابرد،
ئەم شارەش کە هەڵمبژارد،
ئۆرشەلیم،
لەگەڵ ئەو پەرستگایە ڕەت دەکەمەوە کە گوتم:
”ناوی من لەوێ دەبێت“*
٢٨ ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
٢٩ لە سەردەمی پاشایەتیی یۆشیا،
نێخۆی فیرعەونی میسر چوو لەلای ڕووباری فورات یارمەتی پاشای ئاشور بدات.
یۆشیا پاشا چوو بەرەنگاری بێتەوە،
بەڵام نێخۆ لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی بووەوە و کوشتی.
٣٠ خزمەتکارەکانی بە مردوویی لە مەگیدۆوە خستیانە ناو گالیسکەوە و هێنایانە ئۆرشەلیم،
لە گۆڕەکەی خۆیدا ناشتیان.
ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و دەستنیشانیان کرد،
لە جێی باوکی کردیانە پاشا.
پاشایەتی یەهۆئاحاز
٣١ یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا،
سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
ناوی دایکی حەموتەلی کچی یەرمیا بوو،
خەڵکی لیڤنا بوو.
٣٢ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد،
هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.
٣٣ جا نێخۆی فیرعەون لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات بەندی کرد،
تاکو لە ئۆرشەلیم پاشایەتی نەکات.
هەروەها سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند،
سەد تالنت زیو* و تالنتێک زێڕ*.
٣٤ هەروەها نێخۆی فیرعەون ئەلیاقیمی کوڕی یۆشیای لە جێی یۆشیای باوکی کردە پاشا و ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم،
یەهۆئاحازیشی بردە میسر و لەوێ مرد.
٣٥ یەهۆیاقیم بۆ ئەوەی زێڕ و زیوەکە بداتە فیرعەون کە داوای لێی کردبوو باجی خستە سەر خاکەکە بۆ کۆکردنەوەی زێڕ و زیو لە خەڵکەکە بەگوێرەی توانایان،
ئەو زێڕ و زیوە بدەنە نێخۆی فیرعەون.
پاشایەتی یەهۆیاقیم
٣٦ یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا،
یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
ناوی دایکی زەڤیدای کچی پەدایا بوو،
خەڵکی ڕومە بوو.
٣٧ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد،
هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.