نەخۆشکەوتنی حەزقیا
١ لەو ڕۆژانەی* حەزقیا نەخۆش کەوت،
لە سەرە مەرگ بوو،
ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە،
چونکە دەمریت و ناژیت.»
٢ حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی:
٣ «ئای یەزدان،
ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت،
ئەوەی پێت باش بوو کردم.»
ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
٤ بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت،
فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات،
فەرمووی:
٥ «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ:
”یەزدان،
پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت:
گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی،
ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان.
٦ پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم،
لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“»
٧ ئینجا ئیشایا گوتی:
«نیوەلمەکێک* لە هەنجیر دروستبکەن.»
ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە.
٨ حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو:
«ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
٩ ئیشایا وەڵامی دایەوە:
«یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی.
ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت:
ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟»*
١٠ حەزقیاش گوتی:
«بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش.
کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.»
١١ ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە،
بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە.
نێردراوانی بابل
١٢ لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد،
چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە.
١٣ حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان،
لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون.
هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.
١٤ ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی:
«ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە:
«لە خاکێکی دوورەوە،
لە بابلەوە هاتوون.»
١٥ ئیشایا لێی پرسی:
«چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»
حەزقیاش وەڵامی دایەوە:
«هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی،
لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»
١٦ ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت:
«گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە،
١٧ یەزدان دەفەرموێت:
بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن،
هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت.
١٨ لە نەوەکانیشت،
ئەوانەی لە تۆ دەبن،
ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن،
لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»
١٩ حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی:
«ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا،
پەیامێکی باشە،»
چونکە لەبیری خۆیدا گوتی:
«ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟»
٢٠ ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا،
هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی* دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
٢١ حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە،
ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.