چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی
١ نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو،
لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی.
ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو،
بەڵام گەڕوگول* بوو.
٢ چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە،
خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد.
٣ کچە بە خانمەکەی گوت:
«خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی!
ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»
٤ نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند.
٥ پاشای ئارامیش گوتی:
«کەواتە بڕۆ،
منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.»
ئینجا نەعمان ڕۆیشت،
لەگەڵ دەستی دە تالنت* زیو و شەش هەزار شاقل* زێڕ و دە قات جلی برد.
٦ نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا،
تێیدا نووسرابوو:
«لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات،
لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»
٧ هەرکە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە،
جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی:
«ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟
بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم تاکو لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟
بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»
٨ کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە،
ناردی بۆ لای پاشا و گوتی:
«بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟
با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.»
٩ ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا.
١٠ ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی:
«بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ،
گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»
١١ بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی:
«وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت،
بە ناوی یەزدانی پەروەردگاریەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە.
١٢ ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ،
دوو ڕووبارەکەی دیمەشق،
لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟
ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟»
لەبەر ئەوە ئاوڕی دایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.
١٣ خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت:
«ئەی باوکمان،
ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە،
نەتدەکرد؟
بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی:
”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“»
١٤ ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا،
حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد،
گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.
١٥ ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا.
لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی:
«ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل.
ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.»
١٦ پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە:
«بە یەزدانی زیندوو،
ئەوەی دەیپەرستم،
وەریناگرم.»
ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت،
بەڵام ڕازی نەبوو.
١٧ نەعمان گوتی:
«ئەگەر وەریناگریت،
کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم،
لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات.
١٨ بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت:
کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات،
پشت بە من دەبەستێت،
دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم،
با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.»
١٩ ئەلیشەعیش گوتی:
«بەخێر بچیت.»
دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوور کەوتەوە،
٢٠ گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی:
«گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی،
بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.»
٢١ ئیتر گێحەزی دوای نەعمان کەوت،
کاتێک نەعمان بینی بەدوایدا ڕادەکات،
لە گالیسکەکە دابەزی و بەرەوپیری چوو و گوتی:
«ها خێرە؟»
٢٢ گێحەزیش گوتی:
«خێرە،
گەورەم منی ناردووە بۆ ئەوەی پێت بڵێم:
”دوو گەنج لە کۆمەڵی پێغەمبەرانەوە هاتوونەتە لام،
لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە.
تالنتێک* زیو و دوو دەستە جلیان پێبدە.“»
٢٣ نەعمانیش گوتی:
«فەرموو دوو تالنت زیو ببە.»
زۆری لە گێحەزی کرد و دوو تالنت زیو لە دوو توورەکە لەگەڵ دوو قات جلی دایە دەست دوو خزمەتکاری خۆی،
هەڵیانگرت و لەپێش گێحەزییەوە ڕۆیشتن.
٢٤ کە گەیشتنە گردەکە،
گێحەزی شتەکانی لێ وەرگرتن و خستییە ماڵەوە،
خزمەتکارەکانی بەڕێکرد و گەڕانەوە.
٢٥ کاتێک گێحەزی هات و لەبەردەم گەورەکەی ڕاوەستا،
ئەلیشەع لێی پرسی:
«ئەی گێحەزی،
لەکوێ بوویت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
«خزمەتکارەکەت بۆ هیچ جێگایەک نەچووە.»
٢٦ بەڵام ئەلیشەع پێی گوت:
«ئایا ڕۆحم لەگەڵتدا نەبوو کاتێک پیاوەکە لە گالیسکەکە دابەزی بۆ ئەوەی بەرەوپیرت بێت؟
ئێستا کاتی وەرگرتنی زیو و جلوبەرگە؟
یان وەرگرتنی باخی زەیتوون و ڕەز و مەڕ و مانگا و کۆیلە و کەنیزەیە؟
٢٧ گەڕوگولییەکەی نەعمان هەتاهەتایە بە خۆت و نەوەکانتەوە دەنووسێت و لە کۆڵتان نابێتەوە.»
ئیتر گێحەزی بە گەڕوگولی لەبەردەم ئەلیشەع چووە دەرەوە،
وەک بەفر سپی بوو.