یاخیبوونی مۆئاب
١ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا،
بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە،
دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد.
٢ ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد،
بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی،
ئەو بەردە تەرخانکراوەی* بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو.
٣ لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناە بکات،
خۆی لێیان لانەدا.
٤ مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو،
سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل.
٥ بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ،
پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو.
٦ دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە.
٧ هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد:
«پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە،
ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
«لەگەڵت دێم،
من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»
٨ لێی پرسی:
«لە کام ڕێگاوە بچین؟»
یۆرامیش وەڵامی دایەوە:
«لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.»
٩ ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن.
دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن،
ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.
١٠ پاشای ئیسرائیلیش گوتی:
«ئاخ!
لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە،
هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟»
١١ بەڵام یەهۆشافات گوتی:
«ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە،
هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟»
یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی:
«ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە،
ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.»
١٢ یەهۆشافات گوتی:
«فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.»
ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.
١٣ ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت:
«چیمان بەیەکەوە هەیە؟
بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.»
پاشای ئیسرائیلیش گوتی:
«نەخێر،
چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.»
١٤ ئەلیشەعیش گوتی:
«بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار،
ئەوەی دەیپەرستم،
ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە،
نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت.
١٥ بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.»
ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند،
ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع،
١٦ گوتی:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو،
١٧ چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
نە با دەبینن و نە باران،
بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو،
خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە.
١٨ ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە،
هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات.
١٩ ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن،
هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە،
هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»
٢٠ بەیانیی ڕۆژی دواتر،
لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.
٢١ هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن،
ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو،
لە گەنجەوە هەتا پیر،
بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە،
لەسەر سنوورەکە وەستان.
٢٢ کە بەیانی زوو لە خەو هەستان،
خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە،
مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە.
٢٣ گوتیان:
«ئەمە خوێنە!
پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە.
ئەی مۆئاب،
ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!»
٢٤ بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن،
ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا،
لەبەردەمیان هەڵاتن.
ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت.
٢٥ ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند،
هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە،
هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە،
هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە،
بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە،
بەڵام قۆچەقانی* وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا.
٢٦ کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە،
حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت،
بەڵام شکستی هێنا.
٢٧ ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی،
ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا،
لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن.
تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو،
بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان.