کوشتنی ئیشبۆشەت
١ کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە،
دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
٢ کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون،
یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو،
هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو.
بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت،
٣ چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون،
هەتا ئەمڕۆ لەوێن.
٤ (یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون.
کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو،
ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات،
بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن،
منداڵەکە کەوت و شەل بوو،
ناویشی مەفیبۆشەت بوو.)
٥ کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند.
٦ چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن،
شمشێرێکیان لە سکی دا.
پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.
٧ لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو،
جا لێیاندا و کوشتیان،
سەریان بڕی و سەرەکەیان برد،
بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن.
٨ سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن،
بۆ لای داودی پاشا،
پێیان گوت:
«ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت.
یەزدانیش ئەمڕۆ تۆڵەی پاشای گەورەی منی لە شاول و نەوەکەی کردووەتەوە.»
٩ داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن:
«بە یەزدانی زیندوو،
ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،
١٠ کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی:
”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی،
گرتم و لە چیقلەگ کوشتم،
بەوە موژدانەکەیم دایەوە.
١١ ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن.
ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»
١٢ جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت،
دەست و پێیان بڕین،
لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین.
بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.