نیشتەجێبوونی داود لەنێو فەلەستییەکان
١ داود لە دڵی خۆیدا گوتی:
«بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم،
لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان،
ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»
٢ داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت.
٣ ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە،
خۆی و پیاوەکانی،
هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو،
داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی،
ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کارمەلی کە بێوەژنی نابال بوو.
٤ بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە،
ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.
٥ داود بە ئاخیشی گوت:
«ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم،
لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم،
بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»
٦ لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا،
بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا.
٧ داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
٨ لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا،
چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون،
لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر.
٩ هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە،
مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە،
دەهاتەوە لای ئاخیش.
١٠ کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد:
«ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟»
داودیش دەیگوت:
«نەقەبی* یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.»
١١ داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت،
چونکە دەیگوت:
«نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن:
”داود ئەمەی کردووە.“»
ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
١٢ ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت:
«داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە،
جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»