شاول دەیەوێت داود بکوژێت
١ ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن.
بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست.
٢ جا یۆناتان داودی ئاگادار کردەوە و گوتی:
«شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت.
بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە،
خۆت بشارەوە.
٣ منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە،
لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.»
٤ ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی:
«با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات،
چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن.
٥ ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت،
یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە،
تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت،
ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت،
بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟»
٦ شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت،
شاول سوێندی خوارد:
«بە یەزدانی زیندوو،
داود ناکوژرێت.»
٧ ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند،
یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.
٨ جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت،
گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
٩ بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو،
دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری.
کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند،
١٠ شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت،
بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات،
جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
١١ پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن.
بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی:
«ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت،
بۆ سبەینێ کوژراویت.»
١٢ ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە،
ئەویش ڕۆیشت،
ڕایکرد و دەرباز بوو.
١٣ پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە،
هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
١٤ شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن،
میخەلیش گوتی:
«نەخۆشە.»
١٥ ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی:
«بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.»
١٦ بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە،
تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
١٧ جا شاول بە میخەلی گوت:
«بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم،
دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟»
میخەلیش بە شاولی گوت:
«ئەو پێی گوتم:
”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
١٨ کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو،
چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە،
هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند.
ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە.
١٩ جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا:
«داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.»
٢٠ شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود،
کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە،
ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت.
٢١ ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند،
ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد،
هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت.
ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت.
٢٢ ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە،
گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە،
ئەوەی لە سەخویە،
پرسیاری کرد:
«ساموئێل و داود لەکوێن؟»
پێی گوترا:
«لە نایۆتن،
لە شارۆچکەی ڕامە.»
٢٣ جا شاول چوو بۆ ئەوێ،
بۆ نایۆت لە ڕامە.
تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت.
٢٤ جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت،
بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا.
لەبەر ئەوەیە دەڵێن،
«ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»