شاول شاری یاڤێش ڕزگار دەکات
١ ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا،
هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت:
«پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»
٢ بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە:
«بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم،
بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»
٣ پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت:
«حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات،
ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»
٤ جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان.
٥ لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە،
شاول گوتی:
«چی لە گەل ڕوویداوە،
بۆچی دەگرین؟»
ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.
٦ کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو،
ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو.
٧ ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی:
«ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل* نەکەوێت،
گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.»
جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە.
٨ کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی،
نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.
٩ بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون:
«ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد:
”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت،
ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“»
ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند،
ئەوانیش دڵخۆش بوون.
١٠ پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت:
«سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»
١١ بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر،
لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگای عەمۆنییەکان و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لێیان کوشتن،
ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون،
هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.
پابەندبوون بە پاشایەتی شاول
١٢ ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت:
«کێن ئەوانەی دەڵێن:
”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“
ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»
١٣ بەڵام شاول گوتی:
«کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت،
چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»
١٤ پاشان ساموئێل بە گەلی گوت:
«وەرن،
با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.»
١٥ جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.