١ ئیتر پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت.*
فەلەستییەکان سندوقی خودا دەبەن
ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق.
٢ ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا،
ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا،
نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا.
٣ ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان:
«بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟
با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە،
با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.»
٤ جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت،
کە هی یەزدانی سوپاسالارە،
ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان* لەسەر تەخت دانیشتووە*.
دوو کوڕەکەی عێلیش،
حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون.
٥ ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە،
هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند.
٦ فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان:
«دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟»
جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە،
٧ فەلەستییەکان ترسان،
چونکە گوتیان:
«خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!»
هەروەها گوتیان:
«قوڕمان بەسەر!
چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە.
٨ قوڕمان بەسەر!
کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟
ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد.
٩ فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن!
ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان،
وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون.
جا پیاوبن و بجەنگن!»
١٠ ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو،
سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران.
١١ سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش،
حۆفنی و فینەحاس کوژران.
مردنی عێلی
١٢ پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ،
جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو.
١٣ هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی،
چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو.
کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند،
هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.
١٤ عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی:
«دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»
ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند.
١٥ عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو.
١٦ پیاوەکە بە عێلی گوت:
«من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»
عێلیش پرسی:
«چی ڕوویدا،
کوڕم؟»
١٧ هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی:
«ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت،
حۆفنی و فینەحاس کوژران،
سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»
١٨ جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد،
چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو،
چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
١٩ بووکەکەی عێلی،
ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو،
لە مانگی خۆی بوو،
کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون،
ژانی گرت و منداڵی بوو.
ژانەکەی زۆری بۆ هێنا،
٢٠ لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت:
«مەترسە،
چونکە کوڕێکت بووە.»
بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.
٢١ منداڵەکەشی ناو نا ئیخاڤۆد* و گوتی:
«شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا»،
لەبەر بردنی سندوقی خودا و مردنی خەزوور و مێردەکەی.
٢٢ هەروەها گوتیشی:
«شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا،
چونکە سندوقی خودا بردرا.»