ڕابەران
کورتە باسێک
پەڕتووکی ڕابەران مانەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژانی تاریکی کەنعانییەکان دەخاتە ڕوو، کاتێک لەژێر دەسەڵاتی ڕابەران چوونە ژێر باڵی خودا.‏
 
بە کاریگەری ئەوەی گەلی خودا چوونە ناو خاکی کەنعان، لەدوای مردنی یەشوعی کوڕی نون، کە شوێنگرەوەی موسا بوو، چەند پیاوێک ڕابەرایەتی گەلیان گرتە ئەستۆ کە پێیان دەگوترا ڕابەران، یان دڵسۆزان. ئەرکی سەرەکییان ئەرکی سەربازی بوو کە خاکەکەیان لە هێرشی دوژمنان دەپاراست و لە سنوورەکانیان وەدەریان دەنان، کاتێک ئیسرائیلییەکانیان ملکەچ دەکرد و دەیانچەوساندنەوە گەلیان لە دەسەڵاتی ئەوان ڕزگار دەکرد. لە ماوەی ئەو سەردەمەی مێژوو لە ژیانی گەلی ئیسرائیل وڵات تووشی چەند جەنگێکی یەک لەدوای یەکی بێگانەکان هات، گەلی ئیسرائیل پەنایان بۆ خودا دەبرد بۆ ئەوەی لە چنگی دوژمنەکانیان ڕزگاریان بکات، خوداش ڕابەرێکی بۆ هەڵدەستاندنەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکات. لە دەقەکانی ئەم پەڕتووکە چەندین جار ئەو ڕووداوە دووبارە بووەتەوە. بە داخەوە گەل سەرباری ئەوەی تووشی سزا و ناخۆشی بوو نەیزانی کە سەرپێچی خودا ڕوو لە کارەساتە.
وانەی ئازاربەخشی ئەم پەڕتووکە ئەمەیە «کرێی گوناە مردنە،» (نامەی ڕۆما ٦‏:٢٣‏‏). گوناە شێوەی جۆراوجۆری هەیە، جلی جۆراوجۆر دەپۆشێت، هەندێکیان درەوشاوەن و ڕازێنراوەن وەک گوناهەکانی پاشاکان، هەندێکیشیان وەحشیگەری و توندڕەوییە وەک ئەو گوناهانەی لە بەشەکانی کۆتایی ئەم پەڕتووکە تۆمارکراون، بەڵام هەمان ئەنجامیان هەیە. کاتێک هەرکەسە بە ویستی خۆی هەڵسوکەوت دەکات وێرانکاری و ئاژاوە دەکەوێتەوە (ڕابەران ٢١‏:٢٥‏‏). بەڵام خودا لە سایەی دڵسۆزییەکەی، باوەڕداران ڕزگار دەکات کاتێک بە پەشیمانبوونەوەیەکی ڕاستگۆوە دەگەڕێنەوە لای.