١ یەزدان بە موسای فەرموو:
«بڕوانە،
تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت.
٢ تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم،
هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.
٣ بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر.
٤ فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت،
منیش دەستم دەخەمە سەر میسر،
لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم.
٥ ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»
٦ موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
ئاوایان کرد.
٧ موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو،
هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو،
کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.
گۆچانەکەی هارون دەبێتە مار
٨ یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
٩ «کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت:
”پەرجوو بکەن،“
تۆ بە هارون دەڵێیت:
”گۆچانەکەت بگرە بە دەستەوە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“
ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.»
١٠ ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون،
چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد،
هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران،
بووە مارێکی شاخدار.
١١ فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد،
ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد.
١٢ هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار،
بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی.
١٣ ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن،
هەروەک یەزدان فەرمووی.
کارەساتی یەکەم: خوێن
١٤ دواتر یەزدان بە موسای فەرموو:
«دڵی فیرعەون ڕەقە،
ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات.
١٥ بەیانی بڕۆ لای فیرعەون،
ئەو دەچێتە لای ئاوەکە،
لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە.
١٦ پێی دەڵێیت:
”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی،
ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن،
بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت.
١٧ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
بەمە دەزانیت کە من یەزدانم،
ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن.
١٨ ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت،
میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“»
١٩ یەزدان بە موسای فەرموو:
«بە هارون بڵێ:
”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە،
بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن.
ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت،
تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»
٢٠ موسا و هارونیش ئاوایان کرد،
وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن.
گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی،
لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی.
هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن.
٢١ ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو،
میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە،
خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.
٢٢ جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد،
دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت،
هەروەک یەزدان فەرمووی.
٢٣ ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت.
٢٤ هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە،
چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.
کارەساتی دووەم: بۆق
٢٥ حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی.