١ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم،
بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات،
ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
٢ هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو:
«من یەزدانم،
٣ بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بەتوانا“ دەرکەوتم،
بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ە* لەلای ئەوان خۆمم نەناساند.
٤ هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند،
کە خاکی کەنعانیان بدەمێ،
خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون.
٥ هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو،
ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن،
منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
٦ «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ:
”من یەزدانم،
لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم،
لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە.
٧ هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە،
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت.
٨ دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب،
وەک میرات دەیدەمە ئێوە،
من یەزدانم.“»
٩ موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد،
بەڵام گوێیان لێ نەگرت،
لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
١٠ ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
١١ «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ،
با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
١٢ بەڵام موسا بە یەزدانی گوت:
«ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن،
ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت،
کە من زمانم بەستراوە؟»*
تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون
١٣ یەزدان سەبارەت بە نەوەی ئیسرائیل و فیرعەونی پاشای میسر لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر ببەنە دەرەوە.
 
١٤ ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:
 
نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە،
حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی،
لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.
 
١٥ نەوەی شیمۆنیش
یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر،
هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو،
لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.
 
١٦ ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
١٧ کوڕانی گێرشۆن،
لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.
١٨ نەوەی قەهاتیش،
عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.
١٩ کوڕانی مەراریش،
مەحلی و موشی.
ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.
 
٢٠ عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست.
ئەویش هارون و موسای لێ بوو.
تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
٢١ نەوەی یەسهاریش:
قۆرەح و نەفەگ و زکری.
٢٢ نەوەی عوزیێلیش:
میشائیل و ئەلسافان و سیتری.
٢٣ هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست،
ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.
 
٢٤ نەوەی قۆرەحیش:
ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف.
ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.
 
٢٥ ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست،
ئەویش فینەحاسی بوو.
 
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
 
٢٦ ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون:
«نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان* لە خاکی میسر دەربهێنن.»
٢٧ ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر،
موسا و هارون بوون.
هارون دەبێتە قسەکەری موسا
٢٨ ئەوە بوو ئەو ڕۆژەی یەزدان لە خاکی میسر لەگەڵ موسا دوا،
٢٩ یەزدان پێی فەرموو:
«من یەزدانم،
لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»
٣٠ بەڵام موسا بە یەزدانی گوت:
«ئەوەتا من زمانم بەستراوە،
چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»