لێڤییەکان
سێیەم پەڕتووکی موسا
(ڕێنمایی بۆ پەرستنی خودا و ژیانێکی پیرۆز)
کورتە باسێک
خودای پیرۆز گەلەکەی خۆی پیرۆز کرد، بۆ پیرۆزبوون بانگی کردن، هەروەها پێشکەشکردنی کەفارەت لە ڕێگای خوێنەوە.‏
 
پەڕتووکی لێڤییەکان بەشێکە لە تەورات، شەریعەتی موسا، نەریت و شێوازی قوربانییەکان فێری گەلی خودا دەکات، هەروەها بە وردی باسی بۆنە و جەژنەکانی کردووە. وشەکانی خودا بۆ موسا هات کە هێشتا گەلی خودا لە شاخی سینا لە چادردا دەژیان، لە خاکی میسر هاتبوونە دەرەوە. خودا بە تایبەتی لەسەر پیرۆزی دەدوێت. ئەو وشەیەی نزیکەی سەد و بیست جار لەم پەڕتووکە هاتووە، پیشانمان دەدات کە خودا پیرۆزە ‏(١٩‏:٢‏)‏. خودا خاک و خەڵکەکەشی پیرۆز کرد.
بابەتی سەرەکی پەڕتووکەکە پلانی خودایە بۆ لێخۆشبوونی گوناە بە پێشکەشکردنی قوربانی و ڕشتنی خوێنی قوربانییەکە. ڕشتنی خوێنی قوربانی و پێشکەشکردنی وەک قوربانی. ئەو شێوازەی کەفارەت تەنها هێمایەکە بۆ قوربانییە گەورەکە کە بە لەخاچدانی عیسای مەسیح و ڕشتنی خوێنەکەی هاتە دی لە پێناوی کەفارەتی گوناهەکان، ئەمە جارێک بوو بۆ هەتاهەتایە لە پێناوی گوناهی ڕەگەزی مرۆڤایەتی. هەروەها ئەم پەڕتووکە گرنگی ئەوەشی دەرخستووە کە شێوازی دیاریکراوی تایبەت بە خواپەرستی هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ سروشتی گەلی خودا لەو سەردەمەدا بگونجێ.