بەرخەکە و سروودی جەماوەر
١ پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو،
سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو،
ناوی ئەو و ناوی باوکی لەسەر ناوچەوانیان* نووسرابوو.
٢ لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە.
ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن.
٣ لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت.
کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە.
٤ ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە،
چونکە پاکیزەن و بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات.
ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە.
٥ درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە،
ئەوان بێ کەموکوڕین.
سێ فریشتەکە
٦ ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی،
مزگێنیی هەتاهەتایی پێبوو،
تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت،
بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک.
٧ بە دەنگێکی بەرز دەیگوت:
«لە خودا بترسن و ستایشی بکەن،
چونکە کاتی حوکمدان هاتووە.
کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
٨ فریشتەی دووەم،
لەدوایەوە دەیگوت:
«کەوت!
بابلی گەورە کەوت،
ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
٩ فریشتەی سێیەم،
لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت:
«هەرکەسێک کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر نێوچەوانی یان دەستی وەربگرێت،
١٠ هەروەها ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە،
کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە.
لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت.
١١ دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.
ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن،
ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
١٢ ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
١٣ گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت:
«بنووسە:
خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»
ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:
«بەڵێ،
بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە،
چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»
دروێنەی زەوی
١٤ پاشان تەماشام کرد،
هەورێکی سپیم بینی و لەسەر هەورەکە کەسێکی وەک کوڕی مرۆڤ* دانیشتووە،
تاجێکی زێڕینی لەسەر و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو.
١٥ فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد:
«داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە،
چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.»
١٦ جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
١٧ فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو.
١٨ ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو.
بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو:
«داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە،
چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.»
١٩ فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا.
٢٠ گوشەرەکە* لە دەرەوەی شار گوشرا،
بە بەرزی لغاوی ئەسپێک،
هەزار و شەش سەد ستادیا* خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.