فریشتە و تۆمارە بچووکەکە
١ پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو،
پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو،
ڕووی وەک خۆر وابوو،
پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون.
٢ تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو.
پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا.
٣ بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی.
کاتێک نەڕاندی،
حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان.
٤ کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان،
بەتەمابووم بنووسم،
بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو:
«ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.»
٥ ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو،
دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و
٦ سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد،
ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون و گوتی:
«چیتر کاتەکە دواناخرێت!
٧ بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە،
پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت،
نهێنی خودا دێتە دی،
وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»
٨ ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی:
«بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و وشکانی وەربگرە.»
٩ چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت کە تۆمارە بچووکەکەم بداتێ.
ئەویش پێی گوتم:
«بیبە و بیخۆ.
گەدەت تاڵ دەکات،
بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.»
١٠ ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم،
لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو،
بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم.
١١ پاشان پێم گوترا:
«دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»