سێیەم نامەی یۆحەنا
کورتە باسێک
یۆحەنای نێردراو ئەم نامەیە بە تایبەتی بۆ گایۆس دەنووسێت کە یەکێک بووە لە ئەندامانی کڵێساکانی ئاسیای بچووک.
هەندێک مامۆستای گەڕۆک لەلایەن یۆحەناوە دەنێردرێنە ئاسیا (بڕوانە پێشەکی دووەم نامەی یۆحەنا). لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی دیۆتریفس دەردەکرێن، کە زۆر بە تاکڕەوانە هەڵسوکەوتی کردووە و دژایەتیی پێشوازیکردنی مامۆستایانی کردووە لەلایەن باوەڕدارانەوە. یۆحەنا ئەم نامەیە بۆ گایۆس دەنووسێ بۆ سوپاسکردن و هاندانی سەبارەت بە پێشوازیکردنی لە مامۆستایان (‏ ٥‏–٦).
مەبەستی گشتی لەم نامەیە ئەوەیە کە باوەڕداران بە ڕێگای ڕاستیدا بڕۆن، وەک دەڵێ: «خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.» ‏(١‏:٤‏)‏.