نامەی پۆڵس بۆ کڵێساکانی گەلاتیا
کورتە باسێک
پێدەچێت پۆڵس لە نزیکەی ساڵی (٤٩ ز.) لە ئەنتاکیای سوریاوە ئەم نامەیەی بۆ کڵێساکانی گەلاتیا نووسیبێ، کە لە یەکەمین گەشتی مزگێنیدەریێتی خۆی دایمەزراندبوون، (ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا و دەربە. بڕوانە کردار ١٣‏:١٣‏–١٤‏:٢٠‏‏.) ئەم کڵێسایانە لە تێکەڵەی جولەکە و ناجولەکەکان پێکهاتبوون. هەندێک لە مامۆستایانی جولەکە دەیانگوت پێویستە باوەڕدارە نوێیە ناجولەکەکان هەندێک بنەمای تەورات بەجێبهێنن، بە تایبەتی خەتەنەکردن.
پۆڵس لەم نامەیەدا لە ئاستی ئینجیلێکی چەواشەکار دەوەستێتەوە کە ئینجیلی ڕاستەقینە نییە. هەروەها وێڕای داکۆکیکردن لە نێردراویێتی خۆی، بەرگری لە دەسەڵاتی ئینجیلی ڕاستەقینەی خودا دەکات. پۆڵس بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە بێتاوانکردن لەلای خوداوە تەنها بە باوەڕهێنانە بە کەفارەتی مەسیح، نەک بە کردار (بڕوانە ‏٢‏:١٥‏-١٦‏)‏. ئەم بێتاوانکردنە ئازادی ڕاستەقینەیە لە خوداوە، «مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.» ‏(٥‏:١‏)‏.
پۆڵس باسی چۆنیەتی نێردراویێتی خۆی دەکات، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پەترۆس سەبارەت بەو جیاوازییەی لە هەڵسوکەوت لەسەر ئینجیل هەیانبوو ‏(٢‏:١١‏)‏. نووسەری ناوبراو بۆ پشتگیریکردن لە بیروبۆچوونەکەی، بابەتەکە بە بێتاوانکردنی ئیبراهیمەوە دەبەستێتەوە کە ئەویش هەر بە باوەڕەکەی بێتاوانکردنی بەدەستهێنا، کەواتە باوەڕدارانیش کە کوڕانی ئیبراهیمن لە ڕێگای بەڵێن و باوەڕەوە بێتاوان دەبن. ئازادییەکەشمان لەگەڵ مەسیح بە هێزی ڕۆحی پیرۆزە کە لە دڵمانەوە بەرهەم دێت: «خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون.» ٥‏:٢٢‏-٢٣.‏‏ ڕۆحی پیرۆز پاڵنەرە بۆ ئەوەی خزمەتی هەموو کەس بکەین نەک بەردەوام بین لە هەڵەکردن و ڕکابەریکردنی یەکتری.