خۆتان تاقی بکەنەوە
١ ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان.
﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.﴾*
٢ پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە،
بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش:
کە دێمەوە بەزەییم نابێت،
٣ چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت.
ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە،
بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە.
٤ هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا،
بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت.
هەروەها ئێمەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لاوازین،
بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.
٥ خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن.
لە خۆتان بکۆڵنەوە.
ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟
مەگەر ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبووبن.
٦ بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین.
٧ ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن،
ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە دەربکەوێت ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە،
بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن،
هەرچەندە خەڵکی بە سەرکەوتوومان نەزانن،
٨ چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین،
بەڵکو لە پێناوی ڕاستی.
٩ شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن،
نوێژی ئێمەش بۆ تەواویی ئێوەیە.
١٠ بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم،
تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە،
بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان،
نەک بۆ وێرانکردنتان.
 
هاندان و سڵاوی کۆتایی
١١ لە کۆتاییدا،
خوشکان،
برایان دڵشاد بن.
بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن،
یەکتری هانبدەن،
هاوبیر بن،
بە ئاشتی بژین.
ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.
 
١٢ بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
١٣ هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.
 
١٤ با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.