نیشانەکانی کۆتایی زەمان
١ کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە،
یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت:
«مامۆستا تەماشا بکە!
چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»
٢ عیساش پێی فەرموو:
«ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟
لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
٣ کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو،
پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی:
٤ «پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟
هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»
٥ عیسا وەڵامی دانەوە:
«ئاگاداربن،
کەس چەواشەتان نەکات.
٦ زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن،
”من ئەوم.“
زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.
٧ کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن.
دەبێت ئەمە ڕووبدات،
بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
٨ نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین.
قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت.
بەڵام ئەمانە سەرەتای ژانەکانن.
٩ «ئاگاداری خۆتان بن،
چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت.
لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن،
وەک شایەتی بۆ ئەوان.
١٠ هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.
١١ کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن،
پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن،
بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن،
چونکە ئێوە نین دەدوێن،
بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.
١٢ «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات،
باوکیش منداڵی خۆی.
منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
١٣ لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە،
بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت،
ڕزگاری دەبێت.
گەورەترین تەنگانە
١٤ «کاتێک ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾* دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ (با خوێنەر تێبگات)،
ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،
١٥ ئەوەی لە سەربانە،
با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەوە ببات،
١٦ هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
١٧ لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!
١٨ نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت،
١٩ چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی بەدیهێنراوانەوە لە لایەن خودا هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
٢٠ «ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کەم نەکردایەوە،
کەس ڕزگاری نەدەبوو.
بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی* کە ئەو هەڵیبژاردوون،
ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە.
٢١ ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن:
”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“
یان:
”ئەوەتا لەوێیە!“
باوەڕ مەکەن،
٢٢ چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن* دەردەکەون،
نیشانە و پەرجوو دەکەن،
تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن.
٢٣ بەڵام ئاگاداربن،
ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.
هاتنەوەی عیسا
٢٤ «بەڵام لەو ڕۆژانەدا،
دوای ئەو تەنگانەیە،
«﴿خۆر تاریک دەبێت و
مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
٢٥ ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾*
٢٦ «ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.*
٢٧ ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە* کۆدەکاتەوە،
لەم سەری زەوییەوە هەتا ئەو سەری ئاسمان.
٢٨ «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن،
کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد،
دەزانن هاوین نزیکە.
٢٩ بە هەمان شێوە،
کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات،
بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.
٣٠ ڕاستیتان پێ دەڵێم:
ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
٣١ ئاسمان و زەوی بەسەردەچن،
بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
کەس ئەو کاتە نازانێت
٣٢ «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت،
نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە،
باوک نەبێت.
٣٣ کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن،
چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت.
٣٤ وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت،
ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی،
هەریەکە و بە ئیشی خۆی،
دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.
٣٥ «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن،
چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە،
ئێوارە یان نیوەی شەو،
یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر،
یان بەیانی.
٣٦ نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون.
٣٧ جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم،
بە هەمووانی دەڵێم:
ئێشک بگرن!»