تێرکردنی چوار هەزار کەس
١ لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە.
لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن،
عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون:
٢ «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت،
ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن.
٣ ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ،
لە ڕێگا بڕ ناکەن،
هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»
٤ قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە:
«کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»
٥ لێی پرسین:
«چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان:
«حەوت.»
٦ ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن.
حەوت نانەکەی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن،
ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد.
٧ چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو،
سوپاسی خودای کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت.
٨ ئیتر خواردیان و تێربوون،
دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.
٩ ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون.
دوای ئەوەی کە عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد،
١٠ یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.
داواکردنی نیشانەی ئاسمانی
١١ فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد،
هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە،
داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
١٢ عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی:
«بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟
ڕاستیتان پێ دەڵێم:
نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.»
١٣ ئینجا بەجێی هێشتن.
دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.
هەویرترشی فەریسی و هێرۆدس
١٤ قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن،
لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو.
١٥ عیسا ڕایسپاردن:
«وریابن،
ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
١٦ لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت:
«لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.»
١٧ عیسا کە بەمەی دەزانی،
پێی فەرموون:
«بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟
ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟
ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟
١٨ خۆ چاوتان هەیە،
نابینن،
گوێتان هەیە،
نابیستن؟
هەروەها بیرتان نایەتەوە؟
١٩ کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد،
چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە:
«دوازدە.»
٢٠ «ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە،
چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە:
«حەوت.»
٢١ ئینجا پێی فەرموون:
«هێشتا تێناگەن؟»
چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا
٢٢ کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا،
کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات.
٢٣ ئەویش دەستی نابیناکەی گرت،
بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی:
«هیچ دەبینیت؟»
٢٤ پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی:
«خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»
٢٥ دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی،
چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.
٢٦ ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی:
«جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»
پەترۆس دان بەوەدا دەنێت کە عیسا مەسیحەکەیە
٢٧ عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن،
لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی:
«خەڵکی دەڵێن من کێم؟»
٢٨ وەڵامیان دایەوە:
«هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش،
هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس،
هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»
٢٩ لێی پرسین:
«ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
پەترۆس وەڵامی دایەوە:
«تۆ مەسیحەکەیت*
٣٠ جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.
یەکەم باسی مردنی عیسا
٣١ ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت،
پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە،
بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە.
٣٢ عیسا قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد کە پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.
٣٣ بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد،
سەرزەنشتی پەترۆسی کرد و فەرمووی:
«لەبەرچاوم لاچۆ،
ئەی شەیتان!
تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە،
بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
خۆ ئامادە کردن بۆ مردن
٣٤ ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون:
«ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من،
با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.
٣٥ ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات،
دەیدۆڕێنێت،
بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت،
ڕزگاری دەکات.
٣٦ چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟
٣٧ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟
٣٨ ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت،
کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت،
کاتێک بە شکۆمەندی باوکیەوە لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە.»