دەرکردنی ڕۆحی پیس
١ ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە،
بۆ هەرێمی گەراسین.
٢ کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی،
یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،
٣ لەناو گۆڕستاندا دەژیا،
کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە،
تەنانەت بە زنجیریش.
٤ زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە،
بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند،
کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.
٥ شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو،
هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
٦ کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی،
ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد.
٧ بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:
«چیت لە من دەوێت،
ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟
سوێندت دەدەم بە خودا،
ئەشکەنجەم مەدە!»
٨ چونکە عیسا پێی فەرمووبوو:
«ئەی ڕۆحی پیس،
لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
٩ ئینجا لێی پرسی:
«ناوت چییە؟»
پێی گوت:
«ناوم لێگیۆنە*،
چونکە ئێمە زۆرین.»
١٠ زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
١١ لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان،
١٢ ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە:
«بماننێرە ناو بەرازەکان،
با بچینە ناویان.»
١٣ ئەویش ڕێی پێدان.
ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان،
ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون،
بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
١٤ بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان.
خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە.
١٥ کاتێک هاتنە لای عیسا،
بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو،
دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە،
ئیتر ترسان.
١٦ ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو،
ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە.
١٧ ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
١٨ کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو،
ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو،
لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات.
١٩ ڕێگای نەدا،
بەڵکو پێی فەرموو:
«بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت،
بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.»
٢٠ جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە* دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو.
هەموو سەرسام بوون.
زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک
٢١ دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر،
هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە.
٢٢ یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات،
ناوی یایرۆس بوو،
کاتێک عیسای بینی،
لەبەرپێی کەوت و
٢٣ زۆر لێی پاڕایەوە:
«کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە،
وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.»
٢٤ عیسا لەگەڵی چوو،
خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.
٢٥ ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو.
٢٦ بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو،
ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو،
بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو،
بەڵکو خراپتر ببوو.
٢٧ باسی عیسای بیستبوو،
بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا،
٢٨ چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی:
«ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم،
چاکدەبمەوە.»
٢٩ دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.
٣٠ یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە،
ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی:
«کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»
٣١ قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە:
«دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن،
کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»
٣٢ بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا،
تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد.
٣٣ ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی،
بە ترس و لەرزەوە هات،
لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت.
٣٤ ئەویش پێی فەرموو:
«کچم،
باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە،
بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»
٣٥ کاتێک عیسا قسەی دەکرد،
چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان:
«کچەکەت مرد،
ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
٣٦ عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت،
بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو:
«مەترسە،
تەنها باوەڕت هەبێت.»
٣٧ نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت،
پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت.
٣٨ هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت،
بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە.
٣٩ چووە ژوورەوە،
پێی فەرموون:
«بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟
کچەکە نەمردووە،
بەڵکو نوستووە.»
٤٠ بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین.
بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە،
دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو.
٤١ دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو:
«تالیسا،
قوم!»
کە بە واتای «کیژۆڵە،
پێت دەڵێم هەستە!»
دێت.
٤٢ کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو،
دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد،
جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.
٤٣ بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.