نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز
١ «شانشینی ئاسمان لە خاوەن ڕەزێک دەچێت،
بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت.
٢ لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت،
ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
٣ «نزیکی کاتژمێر نۆ* دووبارە چووە دەرەوە،
لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون،
٤ پێی گوتن:
”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن،
چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“
٥ ئەوانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە.
٦ نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت،
کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون،
لێی پرسین:
”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
٧ «وەڵامیان دایەوە:
”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“
ئەویش پێی گوتن:
”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن!“
٨ «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت:
”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ،
لەوانەوە دەستپێبکە کە لە کۆتاییەوە هاتن بۆ ئەوانەی لە سەرەتاوە هاتن.“
٩ «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج* هاتن،
هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
١٠ یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن،
بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت.
١١ کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ڕەزەکەدا دەکرد و
١٢ دەیانگوت:
”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد.
تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە سەختی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
١٣ «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە:
”برادەر،
من غەدرم لێ نەکردوویت.
ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟
١٤ هی خۆت ببە و بڕۆ.
من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ.
١٥ ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟
یان چاوت بەوەدا هەڵنایەت کە من کەسێکی دەستکراوەم؟“
١٦ «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
سێیەم باسی مردنی عیسا
١٧ کاتێک عیسا بەرەو ئۆرشەلیم دەڕۆیشت،
دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون:
١٨ «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین،
کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات،
ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و
١٩ بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست ناجولەکەکان،
لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترینە
٢٠ ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای عیسا و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
٢١ ئەویش پێی فەرموو:
«چیت دەوێت؟»
گوتی:
«بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
٢٢ عیسا وەڵامی دایەوە:
«ئێوە نازانن داوای چی دەکەن.
ئایا دەتوانن ئەو جامە* بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟»
وەڵامیان دایەوە:
«دەتوانین.»
٢٣ ئەویش پێی فەرموون:
«لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە،
بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە،
بۆ من نییە بیدەم،
بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
٢٤ کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە قسەکانیان بیستەوە،
لە دوو براکە تووڕە بوون.
٢٥ بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی:
«دەزانن سەرۆکی نەتەوەکانی دیکە وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەردا دەسەپێنن.
٢٦ بەڵام لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت،
بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت،
با ببێتە خزمەتکارتان و
٢٧ ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم،
با ببێتە بەندەتان،
٢٨ وەک چۆن کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت،
بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
٢٩ کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت،
خەڵکێکی زۆر دوای کەوت.
٣٠ ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون،
کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات،
هاواریان کرد:
«گەورەم،
کوڕی داود،
بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
٣١ جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن،
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد:
«گەورەم،
کوڕی داود،
بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
٣٢ عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی:
«چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
٣٣ وەڵامیان دایەوە:
«گەورەم،
دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.»
٣٤ عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا،
دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن.