بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
١ ئینجا عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد،
دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو،
چاکی بکەنەوە.
٢ ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە:
یەکەمین،
شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای؛
یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای؛
٣ فیلیپۆس و بەرتۆلماوس؛
تۆماس و مەتای باجگر؛
یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس؛
٤ شیمۆنی کانەوی* و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
٥ عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد،
فەرمانی پێ کردن:
«بە ڕێگای ناجولەکەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان،
٦ بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل.
٧ کاتێک دەچن،
ئەم پەیامە ڕابگەیەنن:
”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“
٨ نەخۆش چاک بکەنەوە،
مردوو زیندوو بکەنەوە،
گەڕوگول پاک بکەنەوە،
ڕۆحی پیس دەربکەن.
بەخۆڕایی وەرتانگرتووە،
بەخۆڕاییش بیدەن.
٩ «زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن،
١٠ نە توورەکە بۆ ڕێگا،
نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش،
چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
١١ چوونە هەر شار و گوندێک،
بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە.
١٢ کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن.
١٣ ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون،
با ئاشتیتان بۆیان بێت،
بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون،
با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە.
١٤ ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت،
لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن.
١٥ ڕاستیتان پێ دەڵێم:
لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا،
سزای خاکی سەدۆم و عەمۆرا لە هی ئەم شارە سووکتر دەبێت.
١٦ «من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم.
جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
١٧ لە خەڵکی بەئاگابن،
چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن،
١٨ لە پێناوی مندا دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان،
وەک شایەتی بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش.
١٩ کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن،
نیگەران مەبن لەوەی کە چی بڵێن و چۆن بیڵێن،
لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن،
٢٠ لەبەر ئەوەی ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن،
بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
٢١ «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات،
باوکیش منداڵی خۆی.
منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
٢٢ لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە،
بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت،
ڕزگاری دەبێت.
٢٣ کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە،
ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە.
ڕاستیتان پێ دەڵێم:
شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ*.
مەترسن
٢٤ «قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە.
٢٥ بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی.
ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعلزەبول“* ناو ببردرێت،
چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
٢٦ «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن،
چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
٢٧ ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم،
لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە،
ئەوەی بە چرپە دەیبیستن،
بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕایبگەیەنن.
٢٨ لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن،
بەڵام ناتوانن گیان بکوژن،
بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.
٢٩ ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟
کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی.
٣٠ ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە.
٣١ کەواتە مەترسن،
ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
٣٢ «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت،
منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە،
دانی پێدا دەنێم.
٣٣ بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات،
منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە،
نکۆڵی لێ دەکەم.
ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
٣٤ «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی.
نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی،
بەڵکو شمشێر!*
٣٥ چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«﴿کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
٣٦ دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.﴾*
٣٧ «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت،
شایانی من نییە.
ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت،
شایانی من نییە.
٣٨ ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە.
٣٩ ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت،
بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت،
بەدەستی دەهێنێت.
٤٠ «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات،
پێشوازی لە من دەکات،
ئەوەش پێشوازی لە من بکات،
پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە.
٤١ ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر،
ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت.
ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک،
ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت.
٤٢ ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە،
لەبەر ئەوەی قوتابی منن،
ڕاستیتان پێ دەڵێم:
پاداشتی ون نابێت.»