پاکبوونەوە لە گوناه
١ «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناە و گڵاوی.»
٢ یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا،
ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە.
هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو* لە خاکەکە ڕادەماڵم.
٣ وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات،
ئەوا دایک و باوکی،
کە لەوانەوە بووە،
پێی دەڵێن:
”دەبێت بمریت،
چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“
ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی،
کە لەوانەوە بووە،
بە خەنجەر لێی دەدەن.
٤ «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت.
جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن.
٥ هەریەکە و دەڵێت:
”من پێغەمبەر نیم.
من کابرایەکی جوتیارم،
چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“
٦ ئەگەر کەسێک بپرسێت:
”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“
ئەویش وەڵام دەداتەوە:
”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
٧ «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
ئەی شمشێر،
لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
٨ یەزدان دەفەرموێت:
«ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
٩ ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم:
”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن:
”یەزدان خودای ئێمەیە.“»