حەگەی
کورتە باسێک
بنیادنانەوەی پەرستگای یەزدان شکۆمەندی یەزدان زیاتر دەکات.‏
 
ئەم پەڕتووکە بە ڕێنمایی خودا لە نزیکەی ساڵی ٥٢٠ پ. ز. نووسراوەتەوە. حەگەی هاوسەردەمی زەکەریای پێغەمبەر بوو، خودا بۆ ئەوە ناردی هەتا هانی ئەوانە بدات کە لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بنیادنانی پەرستگا. حەگەی و زەکەریا پەیامەکانیان ئاراستەی زروبابل و یەشوعی کاهین دەکرد کە سەرکردەی گەل بوون. ئەم پەڕتووکە پێنج پێشبینی لەخۆدەگرێت بە ئامانجی هاندانی خەڵک لەسەر پەلەکردن لە تەواوکردنی کارەکە. ئەو پەیامانە کاریگەری پێویستیان هەبوو. دووبارە دروستکردنەوەی پەرستگا لە ساڵی ٥١٦ پ. ز. تەواو بوو.
ئەم پەڕتووکە بۆمان دەردەخات کە خودا چەند گرنگی بە گەلەکەی خۆی دەدات، هەروەها چەندە حەز دەکات لە لایەنی ڕۆحییەوە گەشە بکەن. گەل کاری بنیادنانی پەرستگایان ڕاگرت و بە کاری تایبەتی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام خودا ویستی کە کاری بنیادنانی پەرستگا تەواو بکەن بۆ ئەوەی ببێتە شوێنی خواپەرستی بۆ هەموو گەل. خودا سنوورێکی بۆ سکاڵای گەل دانا کە دەیانگوت پەرستگایە نوێیەکە بەقەد پەرستگایە کۆنەکە پیرۆز نابێت، کاتێک بەڵێنی دا کە پڕی بکات لە شکۆی خۆی.