بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین
١ ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو،
شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات.
٢ یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو:
«ئەی شەیتان،
یەزدان سەرزەنشتت بکات!
ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات!
ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»
٣ یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو.
٤ فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون:
«بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»
ئینجا پێی فەرموو:
«تەماشا بکە،
تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»
٥ منیش گوتم:
«با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.»
ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد،
فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.
٦ ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد:
٧ «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت،
ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.
٨ «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین،
گوێ بگرە،
خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون،
ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون،
چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم،
کە ناوی لقەکەیە.
٩ تەماشا بکەن،
ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا!
حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم.
لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
١٠ «”لەو ڕۆژەدا،
هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»