زەکەریا
بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان
١ لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش،
فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:
٢ «یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو.
٣ لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت:
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”بگەڕێنەوە بۆ لام،
منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
٤ وەک باوباپیرانتان مەبن،
ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن:
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“
بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٥ ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟
هەروەها پێغەمبەرەکان،
ئایا هەتاهەتایە دەژین؟
٦ بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد،
ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟
«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان:
”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات،
بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان،
ئاوای پێ کردین.“»
پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان
٧ لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش،
پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.
٨ لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا:
لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە.
پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان* ڕاوەستاوە،
لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.
٩ ئینجا پرسیارم کرد:
«گەورەم،
ئەمانە چین؟»
ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە:
«من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.»
١٠ ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی:
«ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»
١١ ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان:
«بەناو زەویدا گەڕاین،
هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»
١٢ ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی:
«ئەی یەزدانی سوپاسالار،
هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟»
١٣ یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
١٤ ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم:
«ئەم پەیامە ڕابگەیەنە:
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”خۆشەویستییەکی بێ پایانم* بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە.
١٥ زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین.
من کەمێک تووڕە بووم،
بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“
١٦ «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە.
گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
١٧ «هەروەها ڕایبگەیەنە:
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی،
یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»
چوار قۆچ و چوار پیشەوەر
١٨ پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون.
١٩ لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم:
«ئەمانە چین؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە:
«ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»
٢٠ ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام.
٢١ پرسیارم کرد:
«ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە:
«ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە،
تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە،
بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن،
ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»