ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی
١ یەزدان پێی فەرمووم:
«دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە،
هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە،
وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل،
ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان* خۆشدەوێت.»
٢ منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ* جۆ کڕیمەوە،
٣ پێم گوت:
«ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت،
بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت،
هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»
٤ ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر،
بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان*،
بەبێ ئێفۆد و تەرافیم* دەمێننەوە.
٥ پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن،
لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.