ئۆرشەلیم دار مێوێکی بێ کەڵکە
١ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٢ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان،
لقی دار مێو چییە؟
٣ ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک،
یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟
٤ دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت،
ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟
٥ ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات،
دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟
٦ «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان،
ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر،
ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم.
٧ ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم.
هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە،
بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات.
کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم،
ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
٨ خاکەکە وێران دەکەم،
چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»