بانگکردنی حزقیێل
١ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
هەستە سەر پێیەکانت،
قسەت لەگەڵ دەکەم.»
٢ کە قسەی بۆ دەکردم،
ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم،
گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.
٣ پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ،
من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم،
بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون،
ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە.
٤ ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن،
من بۆ لای ئەوان دەتنێرم،
پێیان دەڵێیت:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“
٥ هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین،
گوێ بگرن یان نەیگرن،
دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە.
٦ بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ،
نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە.
مەترسە،
هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت.
لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە.
٧ هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین،
دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت،
گوێ بگرن یان نەیگرن.
٨ ئەی کوڕی مرۆڤ،
تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم،
وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە.
دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»
٩ کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە.
١٠ لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.