١ ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و
٢ بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت:
«تکایە!
گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە.
هەروەک دەبینی،
چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە.
٣ بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت،
بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.»
٤ یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە:
«گوێم لێتان بوو،
من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم،
جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم،
هیچتان لێ ناشارمەوە.»
٥ ئەوانیش بە یەرمیایان گوت:
«با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت،
ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت،
ئاوا نەکەین.
٦ چاک بێت یان خراپ،
ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین،
ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای،
چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین،
چاکەمان لەگەڵ دەکات.»
٧ ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ،
فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات.
٨ ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد،
٩ پێی گوتن:
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی،
ئەمە دەفەرموێت:
١٠ ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن،
من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم،
دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم،
چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان.
١١ هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
لە پاشای بابل مەترسن،
ئەوەی ئێستا لێی دەترسن.
لێی مەترسن،
چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم.
١٢ جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە،
بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“
١٣ «بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن:
”لەم خاکە نیشتەجێ نابین“ و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبن،
١٤ بەڵکو بڵێن:
”نا!
ئێمە دەچینە خاکی میسر و لەوێ نیشتەجێ دەبین،
لەوێ شەڕ نابینین و دەنگی کەڕەنا نابیستین و برسی نان نابین،“
١٥ ئەی پاشماوەی یەهودا،
ئێستا گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
یەزدانی سوپاسالار،
خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
”ئەگەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی بچنە میسر و چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون،
١٦ ئەوا ئەو شمشێرەی ئێوە لێی دەترسن لەوێ پێتان دەگات،
ئەو قاتوقڕییەی ئێوە لێی دەترسن بۆ میسر دواتان دەکەوێت،
لەوێ دەمرن.
١٧ جا هەموو ئەو پیاوانەی سوورن لەسەر چوونیان بۆ میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن،
لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن،
کەسیان نامێنێتەوە و دەرباز نابن لەو بەڵایەی من بەسەریان دەهێنم.“
١٨ یەزدانی سوپاسالار،
خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا،
ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر،
جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین،
سووکایەتی و ڕیسوایی،
هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“
١٩ «ئەی پاشماوەی یەهودا،
یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی:
”مەچنە ناو میسرەوە.“
باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە،
٢٠ چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان:
”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان؛
هەرچی بفەرموێت،
ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“
٢١ ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند،
بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم.
٢٢ جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»