ئیشایا
کورتە باسێک
خودا گرنگی بە ڕاستودروستی دەدات، هەروەها گرنگی بەوانەش دەدات کە گوێڕایەڵی دەبن. گرنگی بەو ئیسرائیلییانەش داوە کە ڕاپێچ کرابوون یان مابوونەوە.‏
 
ئەم پەڕتووکە پێشبینییەکانی ئیشایا لەخۆدەگرێت کە نزیک لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین نووسیویەتییەوە. لە ماوەی خزمەتی ئیشایا کە نزیکەی شەست ساڵ بووە، چوار پاشا لە یەهودا حوکمیان کردووە، دواهەمینیان حەزقیای پاشا بوو. خودا بە پلەی تایبەت ئیشایای بۆ شانشینی یەهودا ناردبوو، هەرچەندە پەیامەکەی شانشینی ئیسرائیلیشی لە باکوور لەخۆدەگرت. ئەو لە ماوەی شەڕی ناوخۆی نێوان ئیسرائیل و یەهودا ژیاوە، واتا لە نێوان ساڵانی ٧٣٤‏–٧٣٢ پ. ز. هەروەها وێرانبوونی ئیسرائیلی بینیوە لەسەر دەستی لەشکری ئاشور لە ساڵی ٧٢٢ پ. ز. ئەو وانە ئازاربەخشەی کە کەوتنی ئیسرائیلی لێ کەوتەوە لەبیری ئیشایا نەچووەوە و بووە هاندەر بۆ ئەوەی پشت بە خودا ببەستێ. خودا یەهودای لە لەشکرە گەورەکەی پاشای ئاشور پاراست و لەشکرەکەی تووشی دەرد کرد و سەربازگەکانی لەناوبردن. هەروەها ئەو بە چاوی پێشبینییەوە تەماشای سەردەمی دوای خۆی کرد. سەردەمی ڕاپێچکاری و ئەو ڕزگارییەی خودا بۆ گەلەکەی خۆی ئامادەی کردبوو.
پەڕتووکی ئیشایا باسی بەندەیەکی خودای کردووە کە بەندەی ئازارکێشە، مەبەستی لەو بەندەیە عیسای مەسیحە. پەڕتووکەکە زۆر باسی عیسای پەروەردگاری کردووە و لە پەیمانی نوێ چەندین جار لە دەقەکانی پەڕتووکی ئیشایا وەرگیراوە، چونکە ڕزگاری تەوەری بابەتەکانییەتی. ئەو وێنەیەی ئەم پەڕتووکە سەبارەت بە خودا بۆمان دەردەخات ئەوەیە کە خودا ڕزگارکەری گەلەکەی خۆیەتی، کە لە خاکی میسر لە کۆیلایەتی ڕزگاری کردن، هەر ئەویشە کە مەسیح دەنێرێ بۆ ئەوەی گوناهی هەموومان هەڵبگرێت ‏(٥٣‏:٦‏)‏. خودا لێخۆشبوون بە خۆڕایی بە هەرکەسێک دەبەخشێ کە بە باوەڕەوە تۆبە بکات. هەروەها بە وردی باسی شانشینی داهاتووی خودای کردووە لەسەر زەوی کە پڕە لە ئاشتی، خەڵکی واز لە کوشتن دەهێنن و ستایشی خودای پاشایان دەکەن.