بەڵێنی گەڕانەوە
١ یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو،
دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە:
٢ «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت،
ناوی یەزدانە،
ئەمە دەفەرموێت:
٣ ”بانگم بکە،
وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم،
شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“
٤ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا،
ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر
٥ لە جەنگی دژی بابلییەکان،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان،
ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.
٦ «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم،
گەلەکەم چاک دەکەمەوە،
ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم.
٧ یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە.
٨ پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە،
لە هەموو گوناە و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە.
٩ جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی،
ستایشکردن و شانازی،
لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم.
جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت،
لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“
١٠ «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن،
’وێرانە،
بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘
هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن،
بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن،
١١ بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت،
دەنگی زاوا و دەنگی بووک،
دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان،
کە دەڵێن:
«” ’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن،
چونکە یەزدان چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘
یەزدان دەفەرموێت،
ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“
١٢ «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە،
جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت.
١٣ لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین،
دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا،
جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.
*“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
١٤ یەزدان دەفەرموێت:
«”ڕۆژێک دێت،
ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
١٥ «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا
لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،
جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
١٦ لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
یەزدان ڕاستودروستیمانە.“
١٧ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل.
١٨ لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن،
سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»
١٩ هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
٢٠ «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن،
تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن،
٢١ ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا،
هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم.
٢٢ هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت،
ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»
٢٣ ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات:
٢٤ «نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن:
”ئەو دوو خێڵەی* یەزدان هەڵیبژاردن،
ڕەتی کردنەوە.“
ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد،
وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان.
٢٥ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست،
٢٦ ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم،
چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»