دوو سەبەتە هەنجیر
١ پاش ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل،
یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچ کرد و هەموویانی هێنایە بابل،
یەزدان دوو سەبەتە هەنجیری پیشاندام کە لەبەردەم پەرستگای یەزدان دانراون.
٢ یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر،
لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ،
لە خراپیدا نەدەخورا.
٣ جا یەزدان پێی گوتم:
«یەرمیا،
چی دەبینیت؟»
منیش گوتم:
«هەنجیر.
هەنجیرە باشەکە زۆر باشە،
هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە،
لە خراپیدا ناخورێت.»
٤ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
٥ «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
”وەک ئەو هەنجیرە باشە،
من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم،
ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان.
٦ چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم،
دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم.
٧ دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم،
کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان،
چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“»
٨ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت،
ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم،
ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن.
٩ هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی.
١٠ شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان،
هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»