یەرمیا و پەشحوری کاهین
١ کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد،
٢ لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە،
ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە.
٣ بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا،
یەرمیاش پێی گوت:
«یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات،
بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ*،
٤ چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت،
بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن.
هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل،
بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر.
٥ هەموو سامانی ئەم شارە،
هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان.
جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل.
٦ تۆش ئەی پەشحور،
لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن،
لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن،
تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
سکاڵانامەی یەرمیا
٧ ئەی یەزدان،
فریوتدام و فریودرام،
تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
٨ هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
٩ بەڵام ئەگەر بڵێم:
«باسی ناکەم،
ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا وەک ئاگرێکی داگیرساو دەبێت،
وەک ئاگرێکی پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزار دەبم لە دامرکاندنەوەی و
ناتوانم بێدەنگ بم.
١٠ گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
خەبەری لێ بدەن!
با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
چاوەڕێی شکستی من دەکەن،
دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
ئینجا دەرەقەتی دێین و
تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»
 
١١ بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
١٢ ئەی یەزدانی سوپاسالار،
ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
 
١٣ گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
لە دەستی بەدکاران.
 
١٤ نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
١٥ نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
«کوڕێکت بوو!»
١٦ با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
١٧ چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
١٨ بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟