١ ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
«تەنانەت ئەگەر موسا و ساموئێلیش لەبەردەمم ڕاوەستن داکۆکیتان لێ بکەن،
دڵم ناچێتە سەر ئەم گەلە.
لەبەرچاوی من دەریانبکە!
با بڕۆن!
٢ جا کاتێک پێت دەڵێن:
”بۆ کوێ بچین؟“
تۆش پێیان دەڵێیت:
”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەوانەی بۆ مردنن،
بۆ مردن،
ئەوانەی بۆ شمشێرن،
بۆ شمشێر،
ئەوانەی بۆ برسیێتین،
بۆ برسیێتی،
ئەوانەی بۆ ڕاپێچن،
بۆ ڕاپێچ.“»
٣ یەزدان دەفەرموێت:
«چوار جۆریان بەسەرەوە دادەنێم،
شمشێر بۆ کوشتن،
سەگەکان بۆ ڕاکێشان،
باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ خواردن و لەناوبردن.
٤ هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان دەتۆقن،
لەسەر ئەوەی مەنەشەی کوڕی حەزقیای پاشای یەهودا لە ئۆرشەلیم کردی.
٥ «ئەی ئۆرشەلیم،
کێ دڵی پێت دەسووتێت؟
کێ بۆت خەمبار دەبێت؟
کێ ئاوڕ دەداتەوە بۆ ئەوەی لە سەلامەتیت بپرسێت؟
٦ تۆ وازت لە من هێنا،
لێم یاخی دەبی،
لەبەر ئەوە دەست درێژدەکەمە سەرت و لەناوت دەبەم،
لە لێبوردنت بێزار بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٧ «بە شەن شەنیان دەکەم،
لە دەروازەی شارەکانی خاکەکە.
جەرگسووتاوم کرد،
گەلی خۆمم لەناوبرد،
ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕی.
٨ بێوەژنەکانیان زۆر زیاتر دەکەم،
زیاتر لە لمی دەریا.
لە نیوەڕۆدا وێرانکەری بۆ دەهێنم
بۆ سەر دایکی گەنجان.
لەناکاو
ترس و تۆقاندنی بەسەردا دەدەم.
٩ دایکی حەوت منداڵ سیس بوو،
گیانی سپارد.
هێشتا ڕۆژ بوو خۆری ئاوابوو،
شەرمەزار و ڕیسوا بوو.
پاشماوەکەشیان دەدەمە بەر شمشێر
لە بەرچاوی دوژمنانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 
١٠ قوڕبەسەرم دایکە،
چونکە منت بوو،
پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە!
نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ،
کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن.
١١ یەزدان فەرمووی:
«بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم،
بێگومان وا دەکەم دوژمن
لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە!
 
١٢ «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت،
ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟
 
١٣ «سامان و گەنجینەکانت
دەکەم بە تاڵانی،
بەبێ نرخ،
لەبەر هەموو گوناهەکانت،
لە سەراپای خاکەکەت.
١٤ دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت،
لە خاکێک نەتناسیبێت،
چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە
وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.»
 
١٥ «ئەی یەزدان،
تۆ دەزانیت،
بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە،
تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم.
وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم،
بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت.
١٦ کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات،
خواردم
بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم،
چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە،
ئەی یەزدان،
خودای سوپاسالار.
١٧ قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم،
لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم.
بە تەنها دانیشتم،
چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو،
پڕت کردم لە تووڕەیی.
١٨ بۆچی ژانم کۆتایی نایەت،
برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟
ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم،
وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟»
١٩ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەگەر تۆبە بکەیت،
دەتگەڕێنمەوە لای خۆم
تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت.
ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت،
نەک بێبەها،
دەتکەمە وتەبێژی خۆم.
با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ،
بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان.
٢٠ دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە،
شوورایەکی بڕۆنزی پتەو،
لەگەڵت دەجەنگن
بەڵام دەرەقەتت نایەن،
چونکە من لەگەڵتدام،
بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٢١ «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و
لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»