پشتێنێکی کەتان
١ یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم:
«بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە،
بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.»
٢ منیش پشتێنم کڕی،
بەپێی فەرمانی یەزدان،
لە ناوقەدی خۆمم بەست.
٣ ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
٤ «ئەو پشتێنەی کە کڕیت،
کە لە ناوقەدت بەستووە،
هەستە و بڕۆ بیبە پەرات* و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.»
٥ منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
٦ دوای ماوەیەکی درێژ،
یەزدان پێی فەرمووم:
«هەستە،
بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.»
٧ منیش چووم بۆ پەرات،
هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە،
ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
٨ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
٩ «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم.
١٠ ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە،
بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات،
وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت.
١١ وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت،
ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست،
هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی،
بەڵام گوێیان نەگرت.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نموونەی گۆزەی شەراب
١٢ «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە:
”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“
جا پێت دەڵێن:
”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“
١٣ تۆش پێیان دەڵێیت:
”یەزدان دەفەرموێت:
ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی،
ئەو پاشایانەی لە داودن،
لەسەر تەختەکەی دانیشتوون،
کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
١٤ بە یەکتری وردوخاش دەکەم،
باوک و کوڕ پێکەوە،
دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
مەترسی ڕاپێچکراوان
١٥ گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
لووتبەرز مەبن،
چونکە یەزدان فەرموویەتی.
١٦ شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
بەر لەوەی پەل بکوتن
لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
ئێوە خوازیاری ڕووناکین
بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
١٧ بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
بە نهێنی دەگریێم
لەبەر لووتبەرزیتان،
چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
فرمێسک دەڕێژێت،
چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
 
١٨ بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
«لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
چونکە تاجی شکۆمەندیتان
لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
١٩ شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
کەس نییە بیانکاتەوە.
هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
 
٢٠ چاوت هەڵبڕە* و
ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
٢١ چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
٢٢ ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
«بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
لەبەر زۆری تاوانت،
دامێنت هەڵکرا
دەستدرێژییان کردە سەرت.
٢٣ ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
کە لە خراپە ڕاهاتوون!
 
٢٤ «وەک پووش پەرتیان دەکەم
کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
٢٥ یەزدان دەفەرموێت:
«ئەمە بەختی تۆیە،
ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
٢٦ منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
٢٧ داوێنپیسی و حیلاندنت،
بێڕوویی لەشفرۆشیت!
لەسەر گردەکان و کێڵگەکان
قێزەونییەکانی تۆم بینی.
ئەی ئۆرشەلیم،
قوڕبەسەرت!
هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»