یەرمیا
١ پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا،
یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین.
٢ فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات،
لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا،
٣ هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا،
هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا،
کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم.
بانگکردنی یەرمیا
٤ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
٥ «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم،
تۆم ناسی،
پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە،
تەرخانم کردیت،
تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
٦ بەڵام من گوتم:
«ئای،
ئەی یەزدانی باڵادەست،
وتەبێژی لە توانامدا نییە،
چونکە تەمەنم بچووکە.»
٧ ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
«مەڵێ:
”تەمەنم بچووکە.“
بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت.
٨ لێیان مەترسە،
چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٩ ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم:
«دڵنیابە،
من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە.
١٠ ببینە،
ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان،
بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن،
بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن،
بۆ بنیادنان و چاندن.»
١١ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
«ئەی یەرمیا،
چی دەبینیت؟»
منیش گوتم:
«چڵە بادەمێک دەبینم.»
١٢ یەزدانیش پێی فەرمووم:
«چاکت بینی،
چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر* دەبم بۆ ئەنجامدانی.»
١٣ دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
«چی دەبینیت؟»
منیش گوتم:
«مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.»
١٤ یەزدانیش پێی فەرمووم:
«لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت.
١٥ خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«جا پاشاکانیان دێن و
هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت،
هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و
بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا.
١٦ منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم،
لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و
بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و
بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد.
١٧ «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە!
هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم.
لێیان مەتۆقە،
نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم.
١٨ من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز،
لە دژی هەموو خاکەکە،
پاشاکانی یەهودا،
پیاوە گەورەکانی،
کاهینەکانی و گەلی خاکەکە.
١٩ لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن،
چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.