زەبوورەکان
کورتە باسێک
زەبوورەکان پاشایەتی خودا لەسەر مرۆڤایەتی ڕادەگەیەنن، بە تایبەتیش لەسەر گەلی خودا. هەر مرۆڤێک لە هەر نەتەوەیەک بێت بانگکراوە بۆ ئەوەی ملکەچی دەسەڵاتی خودا بێت، پشت بە چاکی ئەو ببەستێت و گوێڕایەڵی خواستەکانی بێت.‏
 
نزیکەی سێ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا خودا شوانێکی مێردمنداڵی بانگکرد، ئەویش داود بوو. خودا داودی وەک پاشای گەلی ئیسرائیل دەستنیشان کرد و بە ڕۆحی پیرۆز کردی بە پێغەمبەر. خودا سروشی (فەرموودەیەکی خودا کە بە وەحی ڕۆحی پیرۆز هاتبێت) بۆ نارد تاکو گۆرانی ستایش و سوپاسگوزاری بۆ خودا بڵێ، هەروەها نزا و پاڕانەوە پێشکەشی خودا بکات و پێشبینی هاتنی مەسیح بکات.
پەڕتووکی زەبوورەکان بە شێوەی هۆنراوە نووسراونەتەوە و گوتراون کە باسی هەست و نەست و گرفت و ڕووداوە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤ دەکات. بە سەرپەرشتی داودی پاشا، گروپێکی گورانیبێژان دروستکرا، لەوانە ئاساف و کوڕانی قۆرەح. ئەوانیش وەک پێغەمبەران بەهۆی ڕۆحی پیرۆز سروشی خودایان وەرگرت بۆ خزمەتی ستایش و سوپاسکردنی خودا و نووسینی پەیامی خودا. لەم پەڕتووکەدا ئەوانیش لە نووسینی چەند زەبوورێک پشکیان هەیە، هەروەها لەنێو زەبوورەکاندا زەبووری موسا و سلێمانیشی تێدایە. ئەم گۆرانییانە بە زمانی عیبری نووسراون و لەپێش سەردەمی مەسیحەوە کۆکراونەتەوە و لەو سەردەمەوە هەتا ئێستاش پارێزراون، بۆ ئەوەی ببێتە پەڕتووکێک کە بە زەبووری داود ناسراوە.
ڕەتکردنەوەی پەیامی زەبوورەکان لە لووتبەرزی مرۆڤەوە دێت، کە سەرچاوەی هەموو خراپەیەکە لە جیهان. داود لەلای خودا دانی بە گوناە و تاوانی خۆیدا نا و نەیشاردەوە. گوتی: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» وازی لە لووتبەرزی هێنا و خوداش لە تاوانی گوناهی خۆشبوو. (زەبوورەکان ٣٢‏:٥‏)‏.
لە ئینجیلی پیرۆزدا حەزرەتی مەسیح دەفەرموێ: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.» ‏(لۆقا ٢٤‏:٤٤‏)‏. لێرەدا مەسیح خۆی بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە زەبووری داود پێشبینی ژیانی ئەو دەکات، چۆن هات بە مردنی خۆی مرۆڤ ڕزگار بکات.