بۆ داود.
١ بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
٢ بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
٣ ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
ئازا و بوێرت کردم.
 
٤ ئەی یەزدان،
هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
٥ گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن،
چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
 
٦ هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە،
دەڕوانێتە کەسی بێفیز و
لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
٧ ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
٨ یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
ئەی یەزدان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.