١ کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
٢ یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.
 
٣ دەریا بینی و هەڵات،
ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
٤ چیاکان وەک بەران بازیان دا،
گردەکان وەک بەرخۆلە.
 
٥ چیتە ئەی دەریا،
بۆ وا هەڵدێیت؟
ئەی ئوردون،
بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
٦ ئەی چیاکان،
بۆ وەک بەران باز دەدەن و
ئێوەش ئەی گردەکان،
وەک بەرخۆلە؟
 
٧ ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
لەبەردەم خودای یاقوب،
٨ ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
بەردەئەستێی کردە کانیاو.