١ هەلیلویا!
 
ئەی بەندەکانی یەزدان،
ستایشی بکەن،
ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
٢ با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
٣ لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
 
٤ یەزدان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوەیە،
شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
٥ کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
٦ ئەوەی دەچەمێتەوە
هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
 
٧ ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
٨ بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
٩ ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.
 
هەلیلویا!