بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. هۆنراوەیەکی داودە کاتێک زیفییەکان* هاتن و بە شاولیان گوت: «داود لەلای ئێمە خۆی شاردووەتەوە.»
١ ئەی خودایە،
بە ناوی خۆت ڕزگارم بکە،
بە هێزی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە.
٢ ئەی خودایە،
گوێ لە نوێژم بگرە،
قسەکانی دەمم ببیستە.
 
٣ بێگانە لێم هەستاون،
دڵڕەقەکان دەیانەوێ بمکوژن،
ئەوانەی ڕوویان لە خودا نەکردووە.*
 
٤ بە ڕاستی خودا یارمەتیدەری منە،
پەروەردگار پشتگیری گیانم دەکات.
 
٥ با خراپە بگەڕێتەوە سەر دوژمنەکانم،
بە دڵسۆزی خۆت لە ناویان ببە.
 
٦ ئەی یەزدان،
بەخشینی* ئازادت پێشکەش دەکەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە چاکە.
٧ لە هەموو تەنگانەکان دەربازی کردووم،
سەرکەوتووانە چاوم بڕیوەتە دوژمنەکانم.