بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.
١ گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
 
٢ خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات.
٣ هەموو هەڵگەڕانەوە،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
 
٤ ئایا ئەم هەموو گوناهبارانە هیچ نازانن؟
 
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
٥ لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
ڕیسوایان دەکەیت،
چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.
 
٦ با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!