بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
١ من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
ئیتر چۆن ئێوە پێم دەڵێن:
«وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە،
٢ چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
تیر دەخەنە بەر کەوان،
بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
٣ کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»
 
٤ یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
٥ یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
٦ پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.
 
٧ لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و حەزی لە دادپەروەرییە،
کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی دەکات.