١ ئەی یەزدان،
بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
 
٢ بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
٣ کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
٤ بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە:
«خودا نییە.»
٥ هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
لە حوکمەکانی خودا ناگات،
ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
٦ لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«هیچ شتێک ناملەقێنێت،
هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
 
٧ دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
بەڵا و گوناە لەبن زمانیەتی.
٨ لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
٩ وەک شێر خۆی مات دەکات،
خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
١٠ نێچیرەکانی وردوخاش دەکات،
دەڕووخێن،
دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
١١ لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا ئاگای لێ نییە،
چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
 
١٢ ئەی یەزدان،
ڕاپەڕە!
ئەی خودایە،
دەستت بەرز بکەرەوە،
ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
١٣ چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت:
«خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
١٤ بەڵام تۆ ئەی خودایە،
ئازار و تەنگانە دەبینیت،
لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
١٥ بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
 
١٦ یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
١٧ ئەی یەزدان،
تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
١٨ بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.