دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟
١ زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
٢ ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد.
٣ مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
٤ کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
٥ زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
٦ بەردەکانی یاقووتی شینی* تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
٧ ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت.
٨ ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
٩ مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات.
١٠ لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
١١ ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
 
١٢ بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
١٣ مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
١٤ قووڵایی ژێر زەوی* دەڵێت:
«لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت:
«لەلای من نییە.»
١٥ دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
١٦ نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
١٧ نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
١٨ لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
١٩ یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
 
٢٠ ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
٢١ لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
٢٢ لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
٢٣ خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
٢٤ لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
٢٥ کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
٢٦ کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
٢٧ ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
٢٨ بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»